ئیسرائیل کاتس،
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی
تەلەفۆنیدا لەگەڵ پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی
تایبەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە ناوخۆی ئێران کردووە و سووربوونی
وڵاتەکەشی بۆ مانەوە لە ناوچە ئەمنییەکانی سوریا، غەززە و لوبنان دووپاتکردووەتەوە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لەو پەیوەندییەدا وەزیری جەنگی
ئەمریکا زانیاریی داوەتە هاوتا ئیسرائیلییەکەی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی
وڵاتەکەی لە ئێران، هەردوو وەزیریش جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی
نێوانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو کردووەتەوە. هاوکات
کاتس ئاماری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی دژی ئەو گروپانەی بە
"تیرۆریست" ناویان دەبات لە سوریا، کەرتی غەززە و لوبنان خستووەتە
بەردەم هێگسێت.
لە بەشێکی
دیکەی گفتوگۆکەدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەڕوونی بە واشنتنی ڕاگەیاندووە کە
پاشەکشە ناکەن و پێداگرن لەسەر ئەوەی هێزەکانیان لەو ناوچە ئەمنییانەدا بمێننەوە
کە لە سوریا، کەرتی غەززە و لوبنان دروستیان کردوون.
1623 جار خوێندراوەتەوە