وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی نرخی بەنزینەوە دەرکرد و ڕایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار دەبێت و نابێت نرخی بەنزینی بازرگانیش لە 850 دینار زیاتر بێت
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژووی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتی لەسەرە و ئەمڕۆ دووشەممە (20ی 7ی 2026) دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئەو بەنزینە نۆرماڵەی لەلایەن وەزارەتەکەوە دابەش دەکرێت بەردەوام دەبێت لەسەر نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک. هەروەها وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە کە هەوڵدەدات زۆرترین بڕی ئەو جۆرە بەنزینە بخاتە بازاڕەوە
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هۆشداری دراوەتە بەنزینخانەکان و جەخت لەوە کراوەتەوە کە نرخی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی (تیجاری) نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت بۆ هەر لیترێک. بڕیارەکە ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە هەر بەنزینخانەیەک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبێتەوە و فەرمانەکەش لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
239 جار خوێندراوەتەوە