لە قەزای دەربەندیخان، ژنێک بە بیانووی بازرگانیی ئۆنلاین و هاوردەکردنی ئامێری لەیزەر، بڕی یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار (170 دەفتەر) لە هاووڵاتییان وەردەگرێت و دواتر پێیان ڕادەگەیەنێت کە پارەکانیان فەوتاوە، لەسەر ئەو کەیسەش تاوەکو ئێستا 13کەس دەستگیر کراون
ژنەکە بە ناوی هاوردەکردنی ئامێری لەیزەری موولابردن لە دەرەوەی وڵات و بەڵێنی پێدانی قازانجێکی زۆر، متمانەی بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکەی بەدەستهێناوە. بەهۆی دروستبوونی ئەو متمانە زۆرەشەوە، هاووڵاتییان بڕە پارەیەکی خەیاڵییان پێداوە
پاش کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارە زۆرە، ژنەکە بە خاوەن پارەکانی ڕاگەیاندووە کە کەشتیی هەڵگری ئامێرەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و سەرجەم ئامێرەکان لەناوچوون. بەهۆی ئەمەشەوە سکاڵای یاسایی تۆمار کراوە و تاوەکو ئێستا 13 کەس دەستگیر کراون، کە تۆمەتباری سەرەکی، هاوسەرەکەی، دایک، باپیر و سێ خاڵی، لەگەڵ پێنج کەس لە لایەنی سکاڵاکاران لەخۆدەگرێت
لە ئێستادا بەشێک لە دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام کەسوکاریان هەوڵ دەدەن دۆسیەکە بگەڕێننەوە بۆ دادگای دەربەندیخان، هاوکات قوربانییەکانیش بەهۆی هەستیاریی کەیسەکەوە ئامادە نین لەبەردەم کامێرای میدیاکاندا قسە بکەن
222 جار خوێندراوەتەوە