شارەزایەکی کەشناسی کاتی دەستپێکردنی چلەی هاوین و هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
06:43 - 15/07/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی بواری کەشناسی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی چلەی هاوین بۆ ساڵی 2026 لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و هۆشداریش دەدات لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر قەتیسبوونی گەرما لە سەنتەری شارەکاندا

 

سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و ڕایگەیاند، بۆ دیاریکردنی کاتی چلەی هاوین دوو ڕای جیاواز هەیە؛ بەپێی نەریتی کوردی و وتەی پێشینان، چلەی هاوین لە (17ی 7) دەست پێدەکات و لە (25ی 8) کۆتایی دێت، کە بەپێی ئەم ڕایە ماوەی وەرزی هاوین 92 ڕۆژە و لە (20ی 9) کۆتایی دێت. بەڵام بەپێی زانستی فەلەکی و گەردوونناسی، چلەکە لە (18ی 7) دەست پێدەکات و تا (26ی 9) دەخایەنێت، بە جۆرێک وەرزی هاوین لە (22ی 9) کۆتایی دێت و ڕۆژی دواتر دەبێتە یەکەم ڕۆژی وەرزی پایز

 

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کردووە، وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە (21ی 6) کاتژمێر 11:24ی پێش نیوەڕۆ بە شێوەیەکی فەلەکی دەستی پێکردووە و ماوەکەی 93 ڕۆژ و 15 کاتژمێر دەخایەنێت. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە مانگەکانی 7 و 8 گەرمترین مانگەکانی ساڵن و تێیاندا پلەکانی گەرما دەگەنە نزیکەی 48 پلەی سەدی، بەتایبەت لە ناوچە نزم و پێدەشتەکان. ئەم گەرمایە کە بە "گەرمای میوەکان" ناسراوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پێگەیشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک ترێ، هەنجیر، خورما و سماق هەیە

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سالار حاجی عەلی تیشکی خستووەتە سەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دەڵێت، بەکارهێنانی قیر و کۆنکرێت، دووکەڵی کارگەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان هۆکاری سەرەکین بۆ قەتیسبوونی هەوا و دەرنەچوونی گەرمی لە سەنتەری شارەکاندا. بەم هۆیەوە، پلەکانی گەرما لە شارە گەورەکاندا بەراورد بە ساڵانی پێش 2000 بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر بوونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

357 جار خوێندراوەتەوە