وردەکاری خەرجییەکانی 7 ساڵی رابردووی حکومەتی هەرێم بڵاوکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
03:06 - 27/06/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، تێکڕای خەرجییە کردارییەکانی حکومەت لە حەوت ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 87 ترلیۆن دینار، کە زۆرینەی ئەو بڕە بۆ مووچە تەرخان کراوە.
لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی ساڵانی (2019 بۆ 2026)، وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە، لەو حەوت ساڵەدا خەرجییە گشتییە کردارییەکان دەگاتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.

 

بەپێی وردەکارییەکان، لەو ژمارەیە زیاتر لە 65 ترلیۆن دینار بۆ خەرجیی مووچە، زیاتر لە 14 ترلیۆن بۆ خەرجیی بەکارخستن و خزمەتگوزاریی ڕۆژانەی فەرمانگەکان، زیاتر لە چوار ترلیۆن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و نزیکەی چوار ترلیۆن دیناریش بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئامارە ئەو مووچانە ناگرێتەوە کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، هاوکات ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی، پلەبەرزکردنەوە و جیاوازییەکانی، هەروەها شایستەی کۆمپانیا و بەڵێندەرانیش کە نەدراون، لەگەڵ بەشێک لە خەرجییەکانی کارەبا کە بەهۆی کەمیی نەختینەوە بە چەک دراون، ناچنە چوارچێوەی ئەم ئامارەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن، وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراون. سەبارەت بە تەمویلی بەغداش هاتووە، لە دوای ساڵی 2013ـەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێکی تەمویلی ناردووە، کە وەک تەواوکاری بۆ خەرجیی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بەکارهێنراوە.

75 جار خوێندراوەتەوە