شەپۆلێکی خۆڵبارین و دابەزینی پلەکانی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:07 - 23/06/2026
کوردستان
+
-

شەپۆلێکی گەرما کەشوهەوای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ بگاتە لوتکە، بەڵام لە سبەینێ چوارشەممەوە کەشەکە بەتەواوی دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، هاوکات شەپۆلێکی خۆڵبارینیش چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ بەڕێژەی (1 بۆ 3) پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە، کە تێیدا ناوچەکانی گەرمیان بە 48 پلە گەرمترین و حاجی ئۆمەرانیش بە 33 پلە فێنکترین ناوچەی هەرێم دەبن. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.

 

گۆڕانکارییە گەورەکە لە سبەینێ چوارشەممەوە دەستپێدەکات، کاتێک پلەکانی گەرما بەڕێژەی (4 بۆ 6) پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما، خێرایی با بۆ سەروو 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ و کەمبوونەوەی مەودای بینین لە بەشێک لە ناوچەکان.

 

پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوای نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سبەینێدا، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک کەشوهەوا جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان لە ژێر 40 پلەی سیلیزی یان نزیک لەو ژمارەیە دەمێننەوە، هاوکات جەختیش دەکرێتەوە کە لەو ماوەیەدا هیچ شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە ناکات.

580 جار خوێندراوەتەوە