شارەزایەکی کەشناسی: لەم هاوینەدا ئەگەری بارانبارین هەیە

KNN : Kurdish News Network
11:04 - 27/06/2026
کوردستان
+
-

کەشناسیی هەرێم پێشبینیی جێگیریی پلەکانی گەرما بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو دەکات، هاوکات شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دووەم شەپۆلی گەرمای بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری تۆمارکردنی ڕیکۆردی نوێ هەیە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ شەممە (27ـی حوزەیرانی 2026)، کەش بەگشتی ساماڵە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا) و ئاراستەی باکوری ڕۆژئاوا دەگرێت، مەودای بینینیش لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت. بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 42 پلەی سیلیزییە، و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 28 پلەی سیلیزییە. لە هەولێر 41، سلێمانی 38، دهۆک 39، و هەڵەبجە 41 پلەی سیلیزی دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ یەکشەممە (28ـی حوزەیرانی 2026)، کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ بێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵەهەوری زیاتر دەردەکەون. پلەکانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 43 پلە و لە هەولێر و هەڵەبجەش 41 پلە دەبێت، هاوکات مەودای بینین بۆ 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دادەبەزێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی، سەبارەت بە کەشوهەوای مانگی داهاتوو ئاماژەی بەوە کردووە، لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی تەممووزدا، دووەم شەپۆلی گەرمای بەهێزی ئەمساڵ ڕوو لە ناوچەکان دەکات.
باسی لەوەشکردووە بەپێی نەخشە کەشناسییەکان، ئەگەرێکی کراوە هەیە لە مانگەکانی تەممووز یان ئابدا ڕیکۆردی نوێی گەرما لە چەند ناوچەیەکی هەرێم تۆمار بکرێت، سەرباری ئەوەی پێشبینی دەکرێت لەم وەرزی هاوینەدا بارانیش ببارێت.

225 جار خوێندراوەتەوە