شاندێکی باڵای بەغدا لە سلێمانی تاوتوێی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:58 - 18/06/2026
ئابوری
+
-

بەمەبەستی تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە شاری سلێمانی.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە سەرۆکایەتیی ئەو شاندە باڵایە سەردانی سلێمانی کردووە.

 

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بریتییە لە تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران تایبەت بە لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە (23151)، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ڕێکارانەی کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە مسۆگەر دەکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوانە بەشدار دەبن لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی و کاری هاوبەش، هەروەها ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنی سنوورەکانی عێراق. سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنییە هاوبەشەکان و زیاترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لە بوارە ئەمنییەکاندا.


116 جار خوێندراوەتەوە