بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەی هاوسەرگیرییان کردووە، لەئێستادا دەتوانن لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە ببنە خاوەنی پسوولەی خۆراکی سەربەخۆ
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق مامەڵەی دروستکردنی پسوولەی خۆراکی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کارا کرد، لەئێستادا هاووڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن
سەبارەت بە پێداویستییەکانی مامەڵەی جیاکردنەوەی پسوولەی خۆراک بۆ هاوسەران، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیکردووەتەوە کە پێویستە هاووڵاتییان کارتی نیشتمانیی هەردوو هاوسەر و گرێبەستی هاوسەرگیرییان پێ بێت، کە مەرجە گرێبەستەکە تەنها بۆ ئەو کەسانە پەسەندکراو بێت کە پێش ساڵی (2026) هاوسەرگیرییان کردووە
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتی پرۆسەی وێنەگرتنی ئەلیکترۆنی، پێویستە پسوولەی خۆراکی ماڵی باوکی هەردوو هاوسەرەکە ئامادە بێت، لەگەڵ هەبوونی یەکێک لە کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، وەک (کی کارد - Q CARD) یان کارتی (بانکی جنووبی ئیسلامی)
630 جار خوێندراوەتەوە