بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48
کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و سبەینێش
شەپۆلێکی سووکی خۆڵبارین بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بەپێی
پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە (22ی حوزەیرانی 2026)، ئاسمان ساماڵ دەبێت
و پلەکانی گەرما کەمێک بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبنەوە. خێرایی با لە
نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10
کیلۆمەتردا دەبێت.
سەبارەت بە
کەشی سبەینێ سێشەممە (23ی حوزەیران)، کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە
ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا تۆزوخۆڵێکی سووک ناوچەکانی
باشووری ڕۆژئاوای هەرێم دەگرێتەوە. هەروەها پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلەی دیکە
بەرزدەبنەوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، خێرایی با لە دوانیوەڕۆی سبەینێوە بۆ کاتەکانی شەو
چالاک دەبێت و لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم دەگاتە سەرووی 30 کیلۆمەتر لە
کاتژمێرێکدا، بەمەش مەودای بینین لە ناوچەکانی خۆڵبارین بۆ 4 تا 6 کیلۆمەتر
کەمدەبێتەوە.
بەپێی
پێشبینییەکان، بەرزترین پلەکانی گەرمای سبەینێ بەم شێوەیە دەبن: گەرمیان 48 پلە،
هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ و هەڵەبجە 43 پلە، دهۆک 42 پلە، سلێمانی 41 پلە، پیرمام 39
پلە و حاجی ئۆمەران 31 پلەی سیلیزی.
933 جار خوێندراوەتەوە