لەباره‌ی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراك ڕوونکردنەوە دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
02:59 - 25/06/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە ڕێکارەکانی جیاکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکی بۆ ئەو هاووڵاتییانە ڕوونکردەوە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هاوسەرگیرییان کردووە و ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا تەنها قۆناغی جیاکردنەوە کارایە و بۆ گواستنەوەی ناوی هاوسەرەکانیان (ژن)، پێویستە چاوەڕێی کارابوونی قۆناغی دووەم بکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کردووە، قۆناغی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراک لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق چالاکە، بەڵام بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و فۆرمی تایبەت بە خۆیان نییە، پڕۆسەکە بە دوو قۆناغ دەبێت: یەکەمیان "جیاکردنەوە" و دووەمیان "گواستنەوە"یە.

 

بەپێی ڕێکارەکان، لە قۆناغی ئێستادا تەنها بەشی یەکەم کارایە، کە تێیدا پیاوەکە دەتوانێت داواکاریی جیاکردنەوە پێشکەش بکات و ئەگەر منداڵیشیان هەبێت لەسەر فۆرمە نوێیەکە تۆماری بکات یان لە فۆرمی ماڵی باوکییەوە جیای بکاتەوە، بەڵام بۆ زیادکردن و گواستنەوەی ناوی هاوسەرەکەی (ژنەکە) بۆ سەر فۆرمە نوێیەکە، پێویستە چاوەڕێی کارابوونی خزمەتگوزاریی گواستنەوە بکەن.

 

لەبارەی مەرجە یاساییەکانیشەوە بۆ ئەو پڕۆسەیە، پێویستە هاوسەرەکان کارتی نیشتمانی و بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان هەبێت. ئەگەر کارتی نیشتمانیی هەردووکیان نوێکرابێتەوە و خاوەنی هەمان "ژمارەی خێزانی" بن، پێویست بە پەسەندکردن (تەسدیق)ی گرێبەستی هاوسەرگیری ناکات بۆ ساڵی 2026 و گرێبەستە کۆنەکەش کێشە دروست ناکات. بەڵام ئەگەر هەمان ژمارەی خێزانییان نەبێت و کارتەکانیان نوێ نەکرابێتەوە، دەبێت پێش جیاکردنەوەی فۆرمەکە، کارتی نیشتمانییان نوێ بکەنەوە یان گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان بۆ ساڵی 2026 پەسەند بکەن.

620 جار خوێندراوەتەوە