دوابەدوای هێرشەکەی ئەمریکا، ئێران هۆشداری توند دەداتە وڵاتانی کەنداو

KNN : Kurdish News Network
10:21 - 27/06/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی هەینی ڕابردووی ئەمریکای بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی کرد و، ئەو هێرشانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەقەڵەم دا و، هۆشدارییەکی توندیش دەداتە وڵاتانی کەنداو کە ڕێگە نەدەن خاکیان بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێت.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردووەتەوە هاتووە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، پێشێلکارییەکی ڕوونی بڕگەی 4 لە ماددەی 2ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل بە هەماهەنگی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر لوبنان، کە ئەمەش بە هەمان شێوە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لە مافی ڕەوای وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەپێی ماددەی ٥١ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، و ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێرشەکانی سوپای ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو بنەمایە بووە و لە چوارچێوەی بەرگریکردندایە. هەروەها بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆی واشنتن و ئەو لایەنانەی هاوکاریی دەکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، تاران هۆشداری دەداتە وڵاتانی باشووری کەنداو کە پابەندی پڕەنسیپی دراوسێیەتیی باش بن و ڕێگە نەدەن خاک و تواناکانیان بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکاربهێنرێت. لە کۆتاییشدا داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش دەکات لە ئاست ئەو پێشێلکارییانەدا بێدەنگ نەبن و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان جێبەجێ بکەن.

253 جار خوێندراوەتەوە