سەرۆک وەزیرانی
عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا
بە یەکجاری عێراق جێدەهێڵن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ واشنتن تاوتوێی پڕۆژەی
"سندوقی وزە و گەشەپێدان" دەکەن کە بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و
بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ناوخۆی وڵاتەکە ئەولەوییەت بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان
دەدرێت.
عەلی فالح
زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی "سکای
نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکەیان بۆ واشنتن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی
تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێی هاوبەشییە لەنێوان عێراق و ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا. وتیشی: "ڕێنماییمان ئاراستەی وەزارەتەکانی نەوت،
کارەبا و پەیوەندییەکان کردووە کە لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆجیا و پەرەپێداندا
ئەولەوییەت بدەن بە کۆمپانیا متمانەپێکراوەکانی ئەمریکا".
ڕوونیشیکردەوە،
لەگەڵ لایەنی ئەمریکی تاوتوێی سندوقی وزە و گەشەپێدان دەکەن، کە سەرەتا بە فرۆشتنی
500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەست پێدەکات و دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل، لەوانەشە
ئەو بڕە لە دەرەوەی کۆتوبەندەکانی پشکی ئۆپێک بێت. هەژمارەکانی ئەم سندوقە لە
دامەزراوە بانکییەکانی ئەمریکا دەکرێنەوە و داهاتەکەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان
بۆ پڕۆژەکانی کارەبا و ژێرخان بەگەڕ دەخرێت. پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی سێ دەیەی
داهاتوودا پارەدارکردنی سندوقەکە بگاتە نزیکەی 400 ملیار دۆلار.
سەبارەت بە
دۆخی ناوخۆی عێراق و هەبوونی گرووپە چەکدارەکان، زەیدی ئاشکرای کرد کە گفتوگۆیەکی
قووڵیان لەگەڵ ئەو گرووپانە ئەنجامداوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەت
چوارچێوەی کۆکەرەوەیە و قبوڵ ناکرێت چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانیدا هەبێت.
ئەگەرچی ڕۆڵی ئەو گرووپانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بە گرنگ زانی، بەڵام
دووپاتیکردەوە کە قۆناغی ئێستا دەخوازێت هەموان لە چوارچێوەی دەوڵەت و
دامەزراوەکانیدا کار بکەن.
سەرۆک وەزیرانی
عێراق باسی لەوەش کرد، کار دەکەن بۆ ئەوەی عێراق پشکێکی دادپەروەرانەی لە
بەرهەمهێنانی نەوتدا هەبێت لە ناو ڕێکخراوی ئۆپێکدا. واقیعی ئێستای عێراقیشی بۆ
کەڵەکەبوونی کێشەکانی چەندین دەیەی ڕابردوو گەڕاندەوە، کە لە ساڵی 1980ـەوە
سەرچاوەیەکی زۆری وڵات لەبری ئاوەدانی و گەشەپێدان بۆ شەڕەکان و قەیرانەکان خەرج
کراون. لە کۆتاییشدا جەختی لەسەر سیاسەتی کرانەوە و هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی
ناوچەکە کردەوە و وڵاتانی کەنداوی بە قووڵاییەکی مێژوویی و کولتووری بۆ عێراق وەسف
کرد.
159 جار خوێندراوەتەوە