عەلی فالح زەیدی بە کشانەوەی ئەمریکا هیچ پاساوێک بۆ چەکی بەرگریی لە عێراقدا نامێنێت

KNN : Kurdish News Network
07:57 - 24/06/2026
عێراق
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن لە هاوکاریی سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕدرێن، جەختیش دەکاتەوە کە دوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا، هیچ پاساوێک بۆ هیچ جۆرە بەرگرییەک لە وڵاتدا نامێنێت

 

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لە بواری سەربازییەوە بۆ هاوبەشیی ئابووری دەگۆڕدرێن". هاوکات روونیشیکردەوە، لە کارنامەی حکومەتەکەیدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە سەرووی سەرجەم کارە لەپێشینەکانەوە دەبێت

 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە کەرتی وزەی وڵاتەکەی کرد و وتی: داوا لە رێکخراوی ئۆپێک دەکەین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیاد بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ تواناکانی کەرتی نەوت و قەبارەی دانیشتووانی وڵاتەکەماندا بگونجێت

 

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و بوونی هێزە چەکدارەکانیش، عەلی فالح زەیدی روونیکردەوە؛ دوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات، هیچ پاساو و پێویستییەک بۆ هیچ جۆرە بەرگرییەک لە عێراقدا نامێنێت.

119 جار خوێندراوەتەوە