بە تۆمەتی دزینی 115 ملیار دینار بەرپرسێکی دیکە دەستگیرکرا

KNN : Kurdish News Network
11:59 - 23/06/2026
عێراق
+
-

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا لە عێراق، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە تۆمەتی دزینی دەیان ملیار دینار و پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدینیش بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.

 

عەلا حەیدەری، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراقی، بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە 115 ملیار دینار دەستگیرکراوە. هاوکات بەپێی زانیاریی بەشێک لە میدیاکانی عێراق، پێدەچێت بڕی ئەو پارەیەی دزراوە بگاتە 139ملیار دینار.

 

سەبارەت بە وردەکاریی ڕووداوەکە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانیی عێراق لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرانی بڕینی پسوولەدا ڕێککەوتووە و لەو ڕێگەیەوە توانیویانە ئەو بڕە پارەیە بەرن.

 

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکی عێراق، ڕائید جبوری، پارێزگاری پێشووتری سەڵاحەدینی دەستگیرکرد. دەستگیرکردنی ناوبراوە دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی نەوتی عێراق دێت، کە پێشتر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراوە.

213 جار خوێندراوەتەوە