ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بەرزبوونەوەی قەبارەی ئەو پارە و موڵکانەی ئاشکرا کرد کە لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەستیان بەسەردا گیراوە
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند؛ دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جەختی لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان کردووەتەوە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و سەرجەم ئەو لایەنانەی لەگەڵیدا تێوەگلاون
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە بەهۆی بەهەدەردان لەو پرۆژانەی لەلایەن تۆمەتبار و لایەنەکانی ناو دۆسیەکەوە جێبەجێکراون دەستکەوتوون، کۆی گشتیی ئەو پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بەرزبووەتەوە بۆ (10) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و (31) ملیار دیناری عێراقی
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەوڵە بەردەوامەکانی دادگا ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی (20) ملیار دینار کە لە کێڵگەیەکدا شاردرابووەوە، هەروەها ڕێگری کراوە لە بەقاچاخبردنی (5) ملیار دیناری عێراقی لە یەکێک لە پارێزگاکان
ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕوونیشیکردووەتەوە، ڕێکارە یاساییەکان هەروەها دەستبەسەرداگرتن و بلۆککردنی (70) موڵک و (21) ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و نزیکەی (3) کیلۆگرام زێڕیش دەگرێتەوە، جەختیشیکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە و ڕاوەدوونانی تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە تا تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان
206 جار خوێندراوەتەوە