وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە
کە باس لە کشانەوەی عێراق لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەکەن و ڕایگەیاند، ئەمە گوزارشت لە
هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق ناکات و نە سەرۆک وەزیران و نە حکومەت بابەتی لەو
شێوەیەیان نەخستووەتەڕوو، بەڵکو عێراق بەردەوام جەختی لە گرنگیی پێداچوونەوە بە
ئاستی بەرهەمهێنان کردووەتەوە.
وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە
کرد، پێداچوونەوە بە ئاستی بەرهەمهێنان دەبێت لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی
وڵاتانی ئەندام یەکبگرێتەوە، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی وڵاتانی پەیوەندیدار
پەسەندیان کردووە، بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی عێراق. لەم
چوارچێوەیەشدا وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی، پڕۆسەی هەڵسەنگاندنەوەی توانای
بەرهەمهێنانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتی سەربەخۆ و
بە بەشداریی کارای عێراق دەستپێکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتانی ئۆپێک و
هاوپەیمانەکانی بە کردەیی دەستیان بە گەڕاندنەوەی وردە وردەی ئەو بڕە نەوتە کردووە
کە پێشتر کەمکرابووەوە، بڕیاریشە لە چەند مانگی داهاتوودا سەرجەم کەمکردنەوە
ئارەزوومەندانەکان بگەڕێندرێنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی
بەرهەمهێنانی عێراق. جەختیشیکردووەتەوە کە هەر داواکارییەک سەبارەت بە ئاستی
بەرهەمهێنان، لە ڕێگەی میکانیزمە تەکنیکی و تەوافوقییەکانەوە لە چوارچێوەی ئۆپێک
پڵەس مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وڵاتانی
ئەندامی ڕێکخراوەکە تێگەیشتنێکی باڵایان بۆ دۆخی تایبەتی عێراق هەیە، بەتایبەت کە
لە زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی جەنگ، گەمارۆ و هێرشە تیرۆریستییەکانەوە
ژێرخانی پیشەسازیی نەوتی وڵاتەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئەم ڕەچاوکردنەش
وادەکات بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگاتە ئاستێکی دادپەروەرانە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی
وەک دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەر لەناو ڕێکخراوەکەدا بەدەستبهێنێتەوە، کە
سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دارایی عێراقە.
73 جار خوێندراوەتەوە