وەزیری نەوت داوا لە کۆمپانیا جیهانییەکان دەکات کێڵگە غازییەکانی ڕۆژئاوای عێراق پەرەپێبدەن

KNN : Kurdish News Network
01:34 - 24/06/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق دیدارێکی بۆ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانی ڕێکخست و تێیدا وەزیری نەوت داوای لە کۆمپانیاکان کرد کێبڕکێ بکەن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای وڵات، هاوکات جەختی لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی گەندەڵی کردەوە.

 

باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، کۆمپانیا بیانییەکانی کارکەر لە عێراق وەک بەڵێندەر سەیر ناکرێن، بەڵکو هاوبەشن لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکاندا. ئاماژەی بەوەشکرد، ستراتیژیەتی حکومەت بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان، باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان، و کارکردن بە شەفافیەت و دوور لە گەندەڵی دەکاتەوە.

 

وەزیری نەوت گرنگیی جێبەجێکردنی بڕگەکانی گرێبەستەکانی بیرهێنایەوە، بەتایبەت ماددەی (26) کە تایبەتە بە ڕاهێنانی گەنجان و کادرانی عێراقی بۆ بەجێگەیاندنی کارەکان. هەروەها تیشکی خستە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە چوارچێوەی پڕۆژە نەوتییەکانەوە لە بوارەکانی تەندروستی و پەروەردەدا. لەبارەی سەلامەتی و ژینگەشەوە، داوای کرد کار بکرێت بۆ گەیشتن بە ڕێژەی "سفر" لە ڕووداوی نەخوازراو. هاوکات هۆشداریدا لە بەرزکردنەوەی تێچووی تەندەرەکان و داوای پێداچوونەوەی هاوبەشی کرد.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبادی داوای لە کۆمپانیاکان کرد لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)وە شایستە داراییەکانیان وەربگرن، ئەوەش لە سایەی ئەو کرانەوەیەی لە پرسی گەرووی هورمزدا هاتووەتە ئاراوە. لای خۆیەوە، نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرھێنان، جەختی لە یەکخستنی تێچووەکان کردەوە. هاوکات، زەید یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (BP) وەک نوێنەری کۆمپانیاکان، بەڵێنیدا کار لەسەر چارەسەرکردنی سەرنجەکانی وەزارەت بکەن.

 

دیدارەکە کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەت بەڕێوەچوو، چەندین تەوەری دیکەی تاوتوێ کرد، لەوانە: ڕوانگەی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز، دۆخی لەناکاو، کەمکردنەوەی بودجە، دواکەوتنی تەندەرەکان، ژمارە و مووچەی فەرمانبەرانی بیانی، باج و گومرگ، تایبەتمەندییەکانی نەوتی خاو، و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان.

109 جار خوێندراوەتەوە