فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێڕەوێکی ئارامیان لە گەرووی هورمز بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتیوانی کردووەتەوە و هێزەکانیشیان توانیویانە شەش بەلەمەجەنگیی ئێران نوقم بکەن کە هەوڵی هێرشکردنیان دابوو، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران دەکاتەوە
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، سوپای پاسدارانی ئێران بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، بەڵام هێزە ئەمریکییەکان توانیویانە پاراستنی تەواو بۆ کەشتییەکان دابین بکەن و شەش بەلەمەجەنگی ئێرانییان نوقم کردووە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانییان داوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لەو هێرشانەدا زیانی بەرنەکەوتووە
فەرماندەی سێنتکۆم ڕوونیکردەوە، "پڕۆژەی ئازادی" پڕۆسەیەکی بەرگرییە و لەو چوارچێوەیەدا کەشتیی تێکشکێنەری دژە موشەکی بالیستییان لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە. داواشی لە کەشتییەکانی هەر 87 دەوڵەتەکەی ناوچەی کەنداو کرد کە بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز، تەنها ئەو ڕێڕەوە ئارامە بەکاربهێنن کە سوپای ئەمریکا دەستنیشانی کردووە
جەختیشی کردەوە کە بەپێی ڕێنماییەکانی ترەمپ، بەردەوام دەبن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا.
219 جار خوێندراوەتەوە