بڕیارە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران بەڕێوەبچێت و سوننەیەک
و کوردێکیش کاندیدن، بەڵام پێشبینی دەکرێت سەرلە نوێ محەمەد باقر قاڵیباف لە
پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
هەواڵە
گەیشتووەکان لە کۆبوونەوە نافەرمییەکانی پەرلەمانتارانی ئێرانەوە ئاماژە بە
کێبڕکێیەکی تووندی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکانی
سەرۆکایەتی، جێگرانی سەرۆک، سکرتێرەکان و چاودێرانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی
ئێران. بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، هەریەکە لە محەمەد باقر قاڵیباف و عوسمان سالاری
کاندیدن، پێشبینیش دەکرێت قالیباف بە دەنگێکی زۆرەوە جارێکی دیکە کورسی سەرۆکایەتی
پەرلەمان بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە و بە سەر رکابەرەکەیدا کە پەرلەمانتارێکی سوننەیە
سەربکەوێت.
بۆ پۆستی
جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان حەوت کاندید کێبڕکێ دەکەن، کە پێکهاتوون لە؛ حوسێن عەلی
حاجی دەلیگانی، حەمیدڕەزا حاجی بابایی، عەلی نیکزاد، عەبدولڕەزا میسری
(پەرلەمانتار لە بازنەی کرماشان)، پەیمان فەلسەفی، عەلیڕەزا مونادی، و ڕەزا
جەباری. هاوکات تا ساتی ئامادەکردنی ئەم زانیارییانە، بۆ پۆستی سکرتێرەکانی دەستەی
سەرۆکایەتی نزیکەی 24 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە و بۆ پۆستی چاودێرانیش 10 کەس
خۆیان کاندید کردووە.
هەڵبژاردنی
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران و لیژنە تایبەتمەندەکان ساڵانە لە کۆتاییئەم
مانگە بەڕێوەدەچێت. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە 12 ئەندام پێکدێت کە بریتین لە
سەرۆکێک، دوو جێگر، سێ چاودێر و شەش سکرتێر. سەرەڕای ڕاگەیاندنی ناوی کاندیدەکان،
بەهۆی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەشی هەڵبژاردنەکەوە، تا ساتی دەنگدانەکان
ناتوانرێت پێکهاتەی کۆتایی دەستەی سەرۆکایەتی بە تەواوەتی پێشبینی بکرێت.
73 جار خوێندراوەتەوە