مەترسیی
ڕوودانی کارەساتێکی گەورە لەسەر پردی حەمرین لە پارێزگای دیالە، کە بە گەورەترین
پرد لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت، بووە هۆی ڕاگرتنی تەواوەتیی هاتوچۆ لەسەر پردەکە،
ئەمەش دوای دەرکەوتنی کێشەی ئەندازیاری لە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانیدا.
موزەڕ کەرەوی،
پەرلەمانتاری پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، پردی کۆنکرێتیی حەمرین کە دەکەوێتە ناو
دەریاچەی حەمرینەوە و یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و
نیشتەجێکردن، بەهۆی دەرکەوتنی مەترسی و داخورانی خۆڵ لە یەکێک لە کۆڵەکەکانی،
بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆ تێیدا دراوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، پردەکە دەمارێکی ژیانییە بۆ ناوچەکە، چونکە نەک تەنها هەرێمی کوردستان بە
پارێزگای دیالەوە دەبەستێتەوە، بەڵکو خزمەت بە زیاتر لە 400 هەزار کەس دەکات لە
شار و گوندەکانی ناوچەکە بە ئاراستەی باقووبە و پارێزگاکانی دیکە.
بە وتەی ئەو
پەرلەمانتارە، پڕۆژەکە هێشتا بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و ڕێژەی کارکردن تێیدا لە
نێوان 70 بۆ 80 لەسەددایە، بەڵام لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی کاتی و وەک
باری لەناکاو بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاوی دەریاچەکە زیادی
کرد و ڕێگە خۆڵەکەی چواردەوری پەکخست.
لەبارەی هۆکاری
داخستنەکەیەوە، کەرەوی ڕوونیکردەوە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا داخورانی خۆڵ لە ژێر
یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پردەکەدا دەرکەوتووە، بۆیە لیژنەیەکی هونەریی هاوبەش
دوای هەڵسەنگاندنی مەیدانی، پێشنیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەر
ڕووداوێکی نەخوازراو. وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیش، بڕیار دراوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بۆ
ڕێگەی ئیمام وەیس بگوازرێتەوە.
لە کۆتاییدا
باسی لەوە کرد کە پردەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیای جێبەجێکار
کێشە هونەرییەکە چارەسەر دەکات و کاتی کردنەوەشی نادیارە. بڕیاریشە لە ڕۆژانی
داهاتوودا کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیاریکردنی کاتێک بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بە یەکجاری
و یەکلاییکردنەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە کە تا ئێستا وەریان نەگرتووە.
172 جار خوێندراوەتەوە