شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:24 - 20/05/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش جێگیر دەبن.

 

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی پێنجشەممە (21ی ئایاری 2026)، لە ئەنجامی تێپەڕینی بارستە هەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، حاڵەتێکی ناجێگیریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. شەپۆلەکە لە کاتەکانی بەیانیدا سەرەتا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی بەهێزی لێ دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کاریگەریی شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین. لەو ناوچانەدا تاوەبارانی کورتخایەن دەبارێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورەبرووسکە و بای باشووری ڕۆژئاوا بە خێرایی (20 بۆ 40) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، هاوکات کەشوهەوا بە فێنکی دەمێنێتەوە.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای ڕۆژی هەینی، ئەو شارەزایە ڕوونیکردووەتەوە کە کاریگەریی بارستە هەوا فێنکەکە بەردەوام دەبێت و بەگشتی کەشوهەوا جێگیر دەبێت، بەڵام لە دوانیوەڕۆدا ئەگەرێکی لاواز هەیە بۆ تاوەباران و هەورەبرووسکەی کورتخایەن لە هەندێک ناوچەی سنووری ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک، دواتر شەپۆلەکە کۆتایی دێت.

1276 جار خوێندراوەتەوە