عەبدوڵا
ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی کورد ڕایدەگەیەنێت، نابێت
کات بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە پەرلەمانی تورکیا بە بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە
مامەڵە بکات بۆ دەرکردنی یاسایەک کە ببێتە بنەمایەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی و
چارەسەرکردنی پرسی کورد، هۆشداریش دەدات لە مەترسییەکانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
شاندی ئیمرالیی
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی
دیدارەکەی ڕۆژی 24ی ئایاری ٢٠٢٦ی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە. لە
پەیامەکەیدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵگە لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی
و ئابوورییەوە گیری خواردووە، بۆیە ئەوان پێداگرن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە نابێت تەنها لە چاوەڕوانیدا بن، چونکە ئەوە مەترسی
دروست دەکات و دەبێت هەموو هەنگاوەکان چوارچێوەیەکی یاساییان هەبێت.
سەبارەت بە
دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆجەلان پێی وایە دەوڵەتانی وەکو ئێران و ئیسرائیل بەرەو
توندتربوون دەچن و نەتەوەپەرستیش زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت. لەسەر ئاستی ناوخۆی
تورکیاش، ڕەخنەی لە پەلاماردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرتووە و بە
نیشانەی نەبوونی دیموکراسی و کەموکوڕییەکانی بنەمای کۆماری لە تورکیادا وەسفی
کردووە.
لە کۆتایی
پەیامەکەیدا، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەی ئێستا هەوڵێکە بۆ کۆتاییهێنان
بەو چەقبەستووییەی کە ساڵانێکە پرسی کوردی تێکەوتووە، لە ڕێگەی سیستمێکی
چارەسەرییەوە کە هۆکارەکانی توندوتیژی لە ڕەگەوە هەڵدەکێشێت. ناوبراو ئەم قۆناغەی
بە "پرۆسەی ڕێکخستنەوە و مۆدێرنکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک"
ناوبردووە و داوای لە هەموو لایەک کردووە بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکراتیکدا بکەن.
145 جار خوێندراوەتەوە