ئێران: ئەمریکا بەردەوام هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت و هێشتا واژۆکردنی ڕێککەوتن نزیک نییە

KNN : Kurdish News Network
10:46 - 25/05/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێمتمانەیی تەواوی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئەمریکا ڕاگەیاند و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ گرەنتییەک نییە واشنتۆن پابەندی بەڵێنەکانی بێت، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ وڵاتانی کەناراوەکانی گەرووی هورمز لە پەیوەندیدان بۆ دیاریکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاسایشی گەرووەکە.

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، واشنتۆن بەردەوام و هەندێک جار لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، بۆیە تاران هیچ گرنگییەک بە هەڕەشەکان نادات و تەنها سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕوویانداوە بەهۆی نێوەندگیریی پاکستان و وڵاتانی دیکەوە بووە.

 

سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕوونیکردەوە، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووەکە پەیوەستە بە وڵاتانی کەناراوەکانەوە و نەچوونەتە ناو وردەکارییەکانەوە لەم ڕێککەوتنەدا، بەڵام لە ئێستادا لە پەیوەندیدان بۆ دروستکردنی میکانیزمێک کە ئاسایشی هاتوچۆ و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بپارێزێت. هاوکات پەیامێکی ئاراستەی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و ڕایگەیاند: "دەستدرێژییەکان هۆکاری داخستنی گەرووی هورمزن، و هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانەش وەڵامی ئێرانی بەدوادا دێت".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیسماعیل بەقایی باسی لە قۆناغی ئێستای دانوستانەکان کرد و وتی: "لە ئێستادا باس لە دۆسیەی ئەتۆمی ناکەین و تەواوی سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنانە بە جەنگ و جێگیرکردنی بڕگەی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی سەر لوبنانە لەناو ڕێککەوتنەکەدا".

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرەڕای گەیشتن بە ئەنجام لە هەندێک دۆسیەدا، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت بڵێت واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە نزیک بووەتەوە، هەروەها وڵاتەکەی کاتی گونجاو دیاری دەکات بۆ وەڵامدانەوەی دوژمن.

67 جار خوێندراوەتەوە