شەپۆلێکی
بەهێزی هەورەبروسکە، لێزمەباران و تەرزە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و
پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک و
ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بەهێزتر بێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی، لە نوێترین پێشبینییەکانیدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە
لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا ئەگەری تاوەبارانی کورتخایەن و هەورەبروسکە هەیە، بەڵام
لە کاتەکانی شەودا و بەتایبەت لە نیوەشەو بۆ بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە،
زنجیرەیەک کەڵەکەهەوری بەهێز لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی
کوردستان دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو ماوەیەدا ئەگەری
لێزمەباران، تەرزە و هەورەبروسکەی توند هەیە، کە زۆرترین کاریگەرییەکانی لە
هەولێر، کەرکووک و گەرمیان دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
لە بەشێکی
دیکەی پێشبینییەکانیدا، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، کاریگەرییەکانی
ئەو شەپۆلە لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممەوە لاواز دەبێت و کەشوهەوا تا ڕادەیەک جێگیر
دەبێتەوە، هەرچەندە ئەگەری تاوەباران و هەورەبروسکە لە هەندێک شوێندا دەمێنێت.
هاوکات پێشبینی
دەکرێت بۆ ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو، جارێکی دیکە ناسەقامگیریی
کەشوهەوا ناوچەکە بگرێتەوە و، شەپۆلێکی دیکەی هەورەبروسکە، تەرزە و لێزمەباران بە
چڕی زۆربەی ناوچەکان بگرێتەوە.
4527 جار خوێندراوەتەوە