لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەربڕخانەکان بە ڕووی هاووڵاتییاندا کراوە دەبن

KNN : Kurdish News Network
08:39 - 24/05/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا، چەند ڕێنماییەکی تەندروستی و ڤێتێرنەری بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە گۆشتی قوربانی پێش بەکارهێنانی دەبێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە ساردکەرەوەدا بهێڵرێتەوە

 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە لە ڕۆژانی جەژندا سەربڕخانەکان بەڕووی هاووڵاتییاندا کراوە بن، لەگەڵ ئامادەبوونی ستافی پزیشکیی ڤێتێرنەری بۆ پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتی قوربانی پێش و پاش سەربڕین. هەروەها توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی، پاکڕاگرتن و ڕشاندنی سەربڕخانەکان بە دەرمانی تایبەت، بەشێکن لە بڕیارەکان

 

لە ڕێنماییەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە، دەبێت ئاژەڵی قوربانی ساغ بێت و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی و گەنە (قرنە)ی پێوە نەبێت. هاوکات، نابێت لە ماوەی سێ هەفتەی پێش قوربانیکردندا هیچ دەرمانێکی چارەسەری بە ئاژەڵەکە درابێت

 

سەبارەت بە ڕێکارەکانی قەساب و قوربانیکەر، وەزارەتی کشتوکاڵ داوا دەکات تەواوی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگیرێنەبەر، بەتایبەتی بەکارهێنانی دەستکێشی پلاستیکی و جلی تایبەت، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی لە کاتی سەربڕین و پارچەکردنی گۆشتدا

 

 

هەروەها ڕێنمایی هاووڵاتییان دەکات گۆشت لە پلەی گەرمیی (3 بۆ 6) پلەدا بگوازنەوە، لە کیسی نایلۆنی نوێ و بێڕەنگدا دابەشی بکەن، و پاشماوەکانیش لە کیسەی داخراودا و لەو شوێنانە فڕێ بدەن کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دیاریکراون.

 

 

 

79 جار خوێندراوەتەوە