ئاژانسی هەواڵی
تەسنیمی ئێرانی وردەکارییەکانی لێکتێگەیشتنی سەرەتایی و پێشبینیکراوی نێوان تاران
و واشنتۆنی ئاشکرا کرد، کە تیایدا ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵدەپەسێرێت و
بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاران ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەریشدا شەڕ لە
سەرجەم بەرەکاندا بەتایبەت لە لوبنان کۆتایی دێت و ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە
گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئاسایی دەکرێتەوە.
بەپێی
زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەگەر هەردوو لا لەسەر بڕگەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە
پێشبینیکراوە ڕێکبکەون، سەرەتا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن ڕادەگەیەنرێت. لە ماوەی
دانوستانەکاندا، ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران،
بەمەش تاران دەتوانێت بەبێ هیچ کۆتوبەندێک نەوتەکەی بفرۆشێت. هاوکات لە
یاداشتنامەکەدا جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرجەم بەرەکان کراوەتەوە، بە
لوبنانیشەوە، کە بەپێی ئەم بڕگەیە دەبێت ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا کۆتایی
بە شەڕی لوبنان بهێنێت.
لە
ڕێککەوتنەکەدا ماوەی 30 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی تایبەت بە
هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و پرسی گەرووی هورمز، هەروەها ماوەی 60 ڕۆژیش بۆ
دانوستانەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دیاریکراوە، بەڵام جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئێران
تا ئەم قۆناغە هیچ هەنگاوێکی نوێی لە بواری ئەتۆمیدا قبوڵ نەکردووە.
سەبارەت بە
داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، تاران هۆشداری داوە کە بەهۆی ئەزموونی خراپی پێشووی
لەگەڵ شکاندنی بەڵێنەکانی بەرامبەر، هەر لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بەستراوەتەوە بە
ئازادکردنی لایەنی کەم بەشێک لەو داراییانە لە قۆناغی یەکەمدا، بە جۆرێک کە تاران
بتوانێت دەستی پێیان بگات. هەرچەندە ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە ئەم
پرسە بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمییەوە ببەستێتەوە، بەڵام ئێران ڕەتیکردووەتەوە و
ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت میکانیزمی ئازادکردنی بەشەکانی دیکەی پارەکانیش لە
ماوەی دانوستانەکاندا ڕوون بێت، ئەگەر ئەمریکاش جارێکی دیکە ڕێگری بکات، ئێران
پێداچوونەوە بە دانوستانەکانی داهاتوودا دەکات.
لە بەشێکی
دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە، سەرەڕای بانگەشەی میدیا ڕۆژئاواییەکان، دۆخی گەرووی
هورمز ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ، بەڵکو تەنها ئاستی تێپەڕبوونی "ژمارەی
کەشتییەکان" بۆ وەک پێش جەنگ لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئاسایی دەکرێتەوە. بەم پێیەش
ئێران جەخت لە سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووەکەدا دەکاتەوە. هەر گۆڕانکارییەک
لە هاتووچۆی گەرووەکەدا، بەستراوەتەوە بە هەڵگرتنی تەواوەتی گەمارۆی دەریایی لە
ماوەی 30 ڕۆژدا و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دیکەی ئەمریکا، ئەگەرنا هیچ گۆڕانکارییەک
لە دۆخی گەرووی هورمزدا ناکرێت.
171 جار خوێندراوەتەوە