ڕۆژی هەینی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و ئێران دەستپێدەکەنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:30 - 25/05/2026
کوردستان
+
-

سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت؛ ڕۆژی هەینی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و ئێران دەستپێدەکەنەوە، پێشبینیش دەکات لە پشووەکانی جەژنی قورباندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لە پارێزگای سلێمانی بکەن.


عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنیان، ڕۆژی هەینی داهاتوو بەشێوەیەکی فەرمی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تاران دەستپێدەکەنەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکانی گەشتیاری سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە وەرزی جەژن تەواو کردووە.


ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ هێنانی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات لە ڕۆژانی جەژندا گەشتی گرووپە گەشتیارییەکانی هەرێم بۆ ناوچەکانی باکووری ئێران ڕێکدەخرێن.


سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە سلێمانی باسی لەوەشکرد، بەپێی پێشبینییەکان ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە پشووەکانی جەژندا ڕوو لە پارێزگای سلێمانی دەکەن، ئەمەش بەهۆی کەشوهەوا مامناوەندەکەی و ئەو ناوچە گەشتیارییانەی کە ساڵانە گەشتیاران سەردانیان دەکەن.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەتا ئەنوەر ڕوونیکردەوە کە لەمساڵدا کەرتی گەشتیاری بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکەوە کاریگەریی بەرچاوی بەردەکەوتووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو ململانێ و جەنگەی لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکەوە هەیە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی گەشتیاری و گواستنەوەی ناوچەکە هەبووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی مسافران و گەشتە ئاسمانییەکان لە ماوەی ڕابردوودا.

118 جار خوێندراوەتەوە