کەشناسیی هەرێم زانیاریی نوێی لەبارەی شەپۆلێکی بارانبارین و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
11:29 - 24/05/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لە چەند ناوچەیەک ئەگەری بارانبارین و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە، سبەینێش بەهۆی کاریگەریی شەپۆلێکی فێنکەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن.

 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەزۆری نیمچەهەور دەبێت. لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕین، پێشبینی بارانبارین و هەورەبرووسکەیەکی کەم دەکرێت. هاوکات لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا خێرایی با بۆ سەرووی 25 بۆ 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەولێر، بەشێک لە گەرمیان و کەرکووک.

 

پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک بەرز دەبنەوە، بەڵام لەو ناوچانەی بارانیان تێدا دەبارێت ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنکەوە بۆ ناوچەکە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزن. ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان نەبێت کە بە نیمچەهەوری دەمێنێتەوە، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و کەشێکی فێنک ناوچەکان دەگرێتەوە.

1068 جار خوێندراوەتەوە