بەغداد هەوڵی کاراکردنەوەی هێڵی سعودی و سوریا دەدات بۆ زامنکردنی هەناردەکردنی نەوت

KNN : Kurdish News Network
12:00 - 14/04/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانێکی جێگرەوەیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەناردەکردنی نەوت دارشتووە و هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە کاریگەرییەکانی گەمارۆی سەر گەرووی هورمز بەردەوامن


ساحب بزون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند؛ سیاسەتی وەزارەتەکەیان لەسەر ئەوە وەستاوە کە هیچ دەرفەتێک بۆ هەناردەکردنی نەوت بەفیڕۆ نەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر چالاککردنەوەی سەرجەم ئەو دەروازە و هێڵانە دەکەن کە لەبەردەستدان. ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ کاراکردنی دەروازە لاوەکییەکان، لەوانەش هێڵی جیهان و هێڵی نیشتمانی کە توانای لەخۆگرتنی یەک ملیار و 600 هەزار بەرمیلی هەیە


وتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکراشی کرد، لە ئێستادا نەوتی ڕەش لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سوریاوە هەناردە دەکرێت، هاوکات لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی هێڵی سعودی کە لە ساڵی 1991ـەوە پشتگوێ خراوە


بزون جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو گەمارۆیەی لەسەر گەرووی هورمز هەیە، ئەوەش لەپێناو زامنکردنی پرۆسەی هەناردەکردن؛ چونکە ئابووری عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و وەزارەت ڕێگە نادات هیچ مەترسییەک بکەوێتە سەر ئەم سێکتەرە نیشتمانییە.

93 جار خوێندراوەتەوە