وۆڵستریت جورناڵ: هێشتا ئێران هەزاران مووشەکی بالیستی هەیە

KNN : Kurdish News Network
09:22 - 11/04/2026
جیهان
+
-

بەرپرسانی ئەمریکی باس لەوەدەکەن کە هێشتا ئێران لە تونێلەکاندا هەزاران مووشەکی بالیستی هەیە و مەترسی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی تاران دەرفەتی ئاگربەست بۆ رێکخستنەوەی توانای مووشەکی و هێرشەکانی بقۆزێتەوە.

 

رۆژنامەی وۆڵستریت جورناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، تائێستا ئێران هەزاران مووشەکی بالیستی لە کۆگا و تونێلەکانیدا ماوە.

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە دوور نییە دەرفەتی دوو هەفتەیی ئاگربەست لەلایەن ئێرانەوە بقۆزرێتەوە بۆ چاککردنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و رێکخستنەوەی توانا مووشەکییەکانی بۆ ئەوەی لەئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بکاتەوە ئامانج.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکی باسیان لە لەناوبردنی توانای مووشەکی ئێران و پەکخستنی تەواوەتی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی ئەو وڵاتە کردبوو.

 

لەلایەکی ترەوە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردبووەوە، کە چین ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی رادەستی ئێران بکات.

 

لەبەرامبەردا باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن وێڕای رەتکردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاندبوو، پەکین هاوکاری هیچ یەک لە لایەنەکانی شەڕی نەکردووە.

105 جار خوێندراوەتەوە