بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک "شێخ، مەلا و سەید"ی لە تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکاندا بەتەواوی قەدەغە کرد و ڕایگەیاند، سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2022، تۆمارکردنی هەر ناوێکی ئایینی بۆ شوێن، کۆمپانیا و تابلۆ بازرگانییەکان بەبێ جیاوازی قەدەغەیە
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکان دەگرێتەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکان لەسەر تابلۆی دووکان و بازاڕەکان دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان هۆشداریی دا، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت و تۆمارکردنی فەرمی ئەو ناوانە بۆ کاری بازرگانی بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت کە بڕەکەی لە 100هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو یەک ملیۆن دینار، هاوکات پێویستە ناوەکە بەتەواوی لەگەڵ جۆری کار و شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت
سەبارەت بەو شوێنانەی پێش دەرچوونی ڕێنماییەکە ناوی ئایینییان بەکارهێناوە و مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناگیرێتەبەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان پێش دەرچوونی پەیڕەو و یاساکە بووە.
136 جار خوێندراوەتەوە