وەزارەتی نەوتی
عێراق ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی کێشەی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، بەتایبەت بەنزین،
بڵاودەکاتەوە و هۆکارەکەی بۆ کشانەوەی کۆمپانیایەکی بیانی لە پاڵاوگەکانی باشوور و
بەرزبوونەوەی پێوانەییی ئاستی بەکاربردن دەگەڕێنێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە
کردووە، بەهۆی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و ئەو فشارانەی خستوویەتییە سەر
پیشەسازیی نەوت، کۆمپانیایەکی بیانی کە بەرپرس بووە لە جێبەجێکردنی یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەکانی
باشوور، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کشاوەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی 4 بۆ
5 ملیۆن لیتر لە بەنزینی کوالێتی بەرز (ئۆکتان بەرز). سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی ڕۆژانی
جەژن و سەردانە ئاینییەکانەوە ئاستی بەکاربردنی ناوخۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە،
سەرەڕای ئەوەی توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنان لە 30 ملیۆن لیتر بەنزینی ڕۆژانەدا جێگیر
بکەن، بەڵام خواست گەیشتووەتە 34 ملیۆن لیتر، ئەمەش کورتهێنانێکی ڕۆژانەی بە بڕی 4
ملیۆن لیتر دروستکردووە. هەروەها تەنها لە ڕۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، ئاستی
بەکاربردنی بەنزین گەیشتووەتە 35 ملیۆن لیتر، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و لە
کاتێکدایە پێش پێشهاتەکانی ناوچەکە بەرزترین ئاستی بەکاربردن تەنها 32 ملیۆن لیتر
بووە. لە ئێستاشدا پاڵاوگەکان بەوپەڕی توانایانەوە کار دەکەن و وەزارەتی نەوت لە ڕێگەی
یەدەگی کۆگاکراوەوە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدات.
127 جار خوێندراوەتەوە