مارکۆ ڕوبیۆ،
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، توم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، لە
چوارچێوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرکردایەتی لە
هەردوو دۆسیەی سوریا و عێراق، ئەمەش سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک نێردەی
تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا.
وەزیری دەرەوەی
ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"
ڕایگەیاندووە: "باڵیۆز توم باراک وەک نێردەی تایبەتی ئێمە بۆ سوریا ڕۆڵێکی
بێوێنە و بەنرخی گێڕاوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ئەو ناوونیشانە
فەرمییەی کۆتایی دێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکێکی سەرکردایەتی لە
ئیدارەی ترەمپ بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق.
ڕوبیۆ باسی
لەوەشکردووە، ئەزموون و پەیوەندییەکانی توم باراک و هەروەها تێگەیشتنی تەواوی بۆ
ئەجێندای "ئەمریکا یەکەمە"، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە
بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
توم باراک کە
هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، لە مانگی ئایاری ساڵی 2025 پۆستی نێردەی
تایبەتی بۆ سوریا وەرگرت. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ
داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە دۆسیەی سوریا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق،
ئەوەش لە سایەی گەشەکردنی ڕۆڵی تورکیا لەو دۆسیەیەدا.
ئەم لێدوانەی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەهەندێکی فەرمی دەبەخشێتە ئەو ڕۆڵە فراوانەی کە ماوەیەکە
باراک بە کردەیی لە عێراقدا دەیگێڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە
پێشەنگی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغداد دەرکەوت، ئەویش بەهۆی دروستبوونی
ئاستەنگ لە دەستبەکاربوونی فەرمیی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ
عێراق.
529 جار خوێندراوەتەوە