بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم هۆشداری لە بەردانەوەی لەناکاوی ئاوی تورکیا دەدات و داوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی دەکات

KNN : Kurdish News Network
02:31 - 29/05/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، هۆشداری لە زیادبوونی ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی تورکیا و دەستپێکردنی پڕۆسەی بەردانەوەی ئاو بە بڕێکی زۆر دەدات، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی پلەبەندی و ڕێکخراو نەبێت، مەترسی بۆ سەر عێراق و سووریا دروست دەکات.

 

هەواڵ:  KNN

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم ڕایگەیاند : ئاستی کۆکردنەوەی ئاو لە بەنداوەکانی وڵاتی تورکیادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەو هۆیەشەوە تورکیا دەستی کردووە بە بەردانەوەی بڕێکی زۆر لەو ئاوە. پێویستە ئەم بەردانەوەیە بە شێوازێکی پلەبەندی (تەدریجی) بێت، نەک بە لێشاو و لەناکاو کە ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی."

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان وڵاتانی (تورکیا، عێراق و سووریا). بە ئامانجی   دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ڕێکخستنی بەردانەوەی ئاوەکە، بە جۆرێک کە ڕێگری بکات لە هەر زیانێکی چاوەڕوانکراو کە بەر عێراق و سووریا بکەوێت.

 

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم بڕە ئاوە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری بەنداوەکان دڵنیایی دا بە هاووڵاتیان کە بارودۆخەکە لەژێر چاودێرییەکی ورددایە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی یان مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست ناکات. بەڵام ڕایگەیاند کە کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و نەرێنییەکان زیاتر لەسەر ناوچەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق دەردەکەون

750 جار خوێندراوەتەوە