رێبەری ئێران
جەخت دەکاتەوە کە هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئیسرائیل نەگۆڕە و هۆشداریش دەدات لەوەی
دوژمنانیان لەهەوڵی نانەوەی دووبەرەکی ناوخۆیی و تێکشکاندنی خۆڕاگری خەڵک و
بەهەڵەدابردنی بەرپرسانی وڵاتەکەن.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران رایگەیاند، سیستەمی هەژموونخواز بنکەیەکی سەربازیی بە ناوی "ئیسرائیل" دروستکردووە و ئێرانیش بەهیچ شێوەیەک لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بەو وڵاتە پاشەکشە ناکات.
خامنەیی جەختیش دەکاتەوە کە دوژمن دوای شکستخواردنی لە گۆڕەپانی جەنگ و لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارەکاندا، پەنای بۆ جەنگێکی تێکەڵاو بردووە بە مەبەستی دروستکردنی کەلێن و دووبەرەکی لە ناوخۆی وڵاتدا.
ڕێبەری ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمن لەسەر شەقام و گۆڕەپانەکان تووشی سەرشۆڕییەکی قووڵ بووەتەوە، بۆیە لە ئێستادا پیلانەکانی خستووەتە سەر تێکشکاندنی خۆڕاگریی خەڵک و دروستکردنی هەڵە لە لێکدانەوەکانی بەرپرسانی وڵاتدا.
هۆشداریشیدا کە سیستەمی هەژموونخواز درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتنەکانی ئێران، بۆیە هەر جۆرە کارێک ببێتە هۆی نائومێدی و ڕەشبینی لای هاووڵاتییان، وەک هاوکاریکردنی ڕاستەوخۆی دوژمنانی وڵات و گەل هەژمار دەکرێت.
60 جار خوێندراوەتەوە