یەکەم گروپ دژی داواکەی عەلی زەیدی بۆ چەکدانان وەستایەوە

KNN : Kurdish News Network
01:30 - 30/05/2026
عێراق
+
-

بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی پێشوازی لە هەوڵەکانی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت دەکات لەلایەن ئەو هێزانەی بەشێک نین لە "بەرەی مقاوەمە" و، ئامادەیی خۆیشی بۆ کڕینەوەی چەکە پێشکەوتووەکانیان دەردەبڕێت و دەڵێت، لە بری ئەو گروپانەش کە چەک دادەنێن، ئەرکی جیهاد دەگرنەئەستۆ.

 

ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنی لە کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەین کە ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کاری جیهادی ئەرکێکی کیفاییە و ئەوان لە جیاتی ئەو هێزانەش ئەنجامی دەدەن کە بڕیاریانداوە واز لە هەڵگرتنی چەک بهێنن.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بەرپرسەکەی حزبوڵڵا ئامادەیی گروپەکەی بۆ هاوکاریکردنی دەستەی حەشدی شەعبی لە وەرگرتنی چەکەکان دەربڕیوە، بەتایبەتی ئەو چەکە پێشکەوتووانەی کە دەزگاکانی دەوڵەت شارەزاییان لە بەکارهێنانیاندا نییە؛ وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، موشەکی کروز و چەکی دژە زرێپۆش، هاوکات ئامادەییشیان نیشانداوە کە پارەی ئەو چەکانە بە خاوەنەکانیان بدەن. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ستایشی ئەو لایەنانە دەکەن چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و بێبەریبوونی خۆشیان لە هەر کەسێک ڕاگەیاند کە سوکایەتی بەو گروپانە بکات.

 

ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارەکەی ئەم دواییەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، کە جیابوونەوەی هێزەکانی "سەرایا سەلام"ی لە ڕەوتەکەی و لکاندنیانی بە دەزگاکانی دەوڵەتەوە ڕاگەیاند بەبێ بوونی هیچ بارەگا و ناوێکی ڕێکخراوەیی. سەدر داواشی لە تەواوی گروپەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کرد، دووربکەونەوە لە چوارچێوەی حزبی و تایفەگەری و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن بۆ ئەوەی بخرێنە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە.

 

لە بەرامبەریشدا عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ستایشی هەنگاوەکەی سەدری کرد بۆ خستنەگەڕی هێزەکانی سەرایا سەلام لەژێر فەرماندەیی هێزە چەکدارەکاندا. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لە هەوڵی جێبەجێکردنی کارنامەکەیدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت، سەرچاوە حکومییەکان باس لە نەرمینواندنی هەندێک هێز و گروپی چەکدار دەکەن بۆ ئەم پرسە. بەڵام هێشتا بەشێک لە گروپەکانی دیکە، کە دیارترینیان "بزووتنەوەی نوجەبا"یە، پێداگری دەکەن کە هەوڵەکانی حکومەت تەنها دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی "بێسەروبەر" بێت و نابێت چەکی "بەرەی مقاوەمە" بگرێتەوە.

417 جار خوێندراوەتەوە