وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی ستراتیژی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی سووریا و تورکیاوە دەخاتە ڕوو
وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە بەرەو بەندەری بانیاسی سووری دەستپێکرد، هاوکات هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ نزیکەی 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا چڕکردووەتەوە
بەسیم محەمەد خودەیر، یاریدەدەری بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان ڕایگەیاند: "وەزارەت لێکۆڵینەوە لە دروستکردنی بۆرییەکی نوێ دەکات کە لە بەسرەوە دەستپێدەکات و لقێکی بەرەو ئوردن و لقەکەی تری بەرەو بەندەری بانیاسی سووری دەچێت"
ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە لە قۆناغی دیزاین و جێبەجێکردندایە و ئامانج لێی دابینکردنی نەرمی و گواستنەوەی نەوتی باشوورە بۆ باکوور، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک کە ئەگەری هەیە لە گەرووی هورمزدا دروست ببێت
سەبارەت بە هێڵی باکوور، یاریدەدەری بریکاری وەزارەت ڕوونیکردەوە کە لە ئێستادا کار بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییە سەرەکییەکەی کەرکوک – فیشخابوور دەکرێت کە پێشتر تووشی تێکدان ببوو، چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی وێستگەکانی پەمپکردن، توانای هەناردەکردن لەم هێڵەوە بگاتە 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا
هەر لە چوارچێوەی پلانەکەدا، وەزارەتی نەوت ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی هەرێم
خودەیر وتی "ئەگەر بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێم بگاتە 400 هەزار بەرمیل و کێڵگەکانی نەوتی باکووریش 250 هەزار بەرمیل دابین بکەن، ئەوا عێراق دەتوانێت ڕۆژانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکات"
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەت بەردەوامە لە پەرەپێدانی سیستەمی هەناردەکردنی باشوور و باکوور، لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتنامە ئاراستەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکرێت بۆ کێبڕکێکردن لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆرییە نوێیەکان.
34 جار خوێندراوەتەوە