شارەزایەکی
کەشناسی باس لەوەدەکات، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە ماوەی
3 رۆژ دەخایەنێت و لە چەند ناوچەیەک ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و پێشبینی
دەکرێت لەو ماوەیەدا تا 100 ملم باران ببارێت.
ئاراس جەبار
شارەزای کەشناسی رایگەیاند: سبەی پێنج شەممە ئاسمان بە زۆری هەوری تەواو ئەبێت
لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە لە کات و شوێنی جیاجیادا ئەگەری چالاکبوونی تاوە بارانی
مامناوەندی پچر پچر و هەورە بروسکە ئەبێت بۆ ناوچەکانی باشور و خۆرئاوای گەرمیان و
سنوری پارێزگای کەرکوک رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت.
باسی
لەوەشکردووە: " لەکاتەکانی شەودا بۆ بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27/3/2026
کاریگەری ئەو ناجێگیریە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاکتر ئەبێت و لێزمە
بارانی پچر پچر تەواوی ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و کە بەشێوەیەکی بەهێزتر بارانەکە
کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک ئەبێت و
ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و تەرزە بارین ئەبێت".
لەو رووەشەوە
ئەو کەشناسە هۆشداری داوە بە دانیشتوانی
هەردوو سنورەکە کە "ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی
ئاو لە چەم و دۆڵ رێرەرەوەکانی ئاودا ئەبێت و پێویستە وریا و ئاگاداربن چوونکە
لەماوەی رۆژانی رابردوودا بارانێکی زۆر باریوە خاک کەمتر ئاو هەڵدەمژێت زۆربەی ئەو
بارانانەی کە لەداهاتوودا ئەبارێت زیاتر ئەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو".
سەبارەت بە
رۆژی هەینیش ئاماژەی بەوەکردووە: بە درێژایی کاتەکان کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرجەم
ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی ئەبێت بە بارانی رێژە مامناوەندی پچر پچر و بارینی
بەفریش لە لوتکەی شاخە بەرزەکان و نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما ، وە
لەناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رێژەی باران
زیاتر ئەبارێت بەڕاورد بەناوچەکانی دیکە و هەندێک کات لێزمە باران ئەبێت".
دەربارەی
کەشوهەوای رۆژی شەممە 28-3-2026 ئاراس جەبار رایگەیاندووە: " کاریگەری شەپۆلی
بارانبارینەکە لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و کەرکوک و هەولێر و ئیدارەی
گەرمیان لاواز ئەبێت و تەنها نمە بارانی پچر پچر ئەمێنێتەوە لەهەندێک کات و شوێندا
بەڵام لەناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی
راپەرین و سۆران بەتایبەت ناوچە شاخاویەکان بارانی مامناوەندی پچر پچر لەزۆربەی
کاتەکان بەردەوامی ئەبێت ."
بڕی بارانی
پێشبینیکراو لەماوەی سێ رۆژی شەپۆلەکە:
سنوری پارێزگای
سلێمانی 60 - 100 ملم
سنوری پارێزگای
هەڵەبجە 80 - 100 ملم
سنوری پارێزگای
کەرکوک 60 - 80 ملم
سنوری ئیدارەی
گەرمیان 80 - 120 ملم
سنوری پارێزگای
هەولێر 40 - 60 ملم
سنوری پارێزگای
دهۆک 40 - 70 ملم
سنوری ئیدارەی
سۆران و راپەرین 50 - 80 ملم
ئەو شارەزایەی
کەشناسی پێیوایە: "ئەمە کۆتا شەپۆل نابێت و هەفتەی داهاتووش شەپۆلی نوێی
بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و بۆ رۆژەکانی سەرەتای مانگی داهاتووش ئەم سیستەمە
باراناوییە بەردەوامی ئەبێت کە تا ئێستاش دیار نیە کەی بەتەواوی بۆ ماوەیەک کەش
جێگیر ئەبێتەوە".
2586 جار خوێندراوەتەوە