دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامداوە، بەپێی زانیارییەکان، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بووە بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و نەخشەی قۆناغەکانی داهاتووی ناوچەکە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی باسی لەوەکردوە، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییانە ڕۆژی یەکشەممە و تەنها ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی هەڵمەتە فراوانەکەی بۆردومانکردنی ئێران ئەنجامدراون. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوەی ترەمپ دوای چەندین مانگ لە لۆبیکردن و هاندانی بەردەوامی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دێت، کە پێی وایە کوردەکان لە سووریا، عێراق و ئێران دەتوانن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئێراندا بگێڕن.
ماڵپەڕەکە دەڵێت: کورد وەک پێکهاتەیەکی خاوەن هێزی پێشمەرگەی بە ئەزموون و هەزاران شەڕڤان لەسەر سنوورە ستراتیژییەکانی ئێران و عێراق، لەلایەن واشنتن و تەلئەبیبەوە وەک هێزێکی گرنگی سەر زەوی دەبینرێن. نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە کوردەکان ئامادەی ڕاپەڕینن و دەتوانن هاوکێشەکە بگۆڕن.
لە لایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پەیوەندییە بەردەوامەکانی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناوچەکە، ئامادە نەبوو وردەکاری زیاتر لەسەر ناوەڕۆکی قسەکانی ترەمپ لەگەڵ سەرکردە کوردەکان ئاشکرا بکات و کۆبوونەوەکانی بە "هەستیار" وەسف کرد.
11900 جار خوێندراوەتەوە