بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە
و کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری نوێی ئاڕاستەی گشت ئەفسەران و پێشمەرگەکان کرد
هەواڵ: KNN
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان،
وەزارەتی پێشمەرگە بە هەموو شێوەیەک هاتنی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بۆ ناو بارەگا و
شوێنە سەربازییەکان قەدەغە کردووە. هاوکات داوای لە میدیاکان کردووە خۆیان بەدوور
بگرن لە وێنەگرتنی بارەگاکان. لە لایەکی دیکەوە، پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک یان لێدوان
بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەلایەن ئەفسەران و پێشمەرگەکانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە
کراوە.
هاوکات وەزارەتی پێشمەرگە
هۆشداریی داوە کە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە وێنە، ڤیدیۆ یان زانیارییەکی تایبەت بە سەنگەر
و بارەگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانی ڕایگەیاندووە کە چاودێرییەکی وردی سۆشیاڵ میدیا
دەکەن و داوایان لە پێشمەرگەکان کردووە هەر پەیج و ئەکاونتێکی گوماناوی کە بە ناوی
پێشمەرگەوە زانیاری بڵاودەکاتەوە، لینکی بۆ بنێرن تا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتە
بەر.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا
هاتووە کە هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت، ڕووبەڕووی
"توندترین سزای سەربازی و کارگێڕی" دەبێتەوە. هەروەها ئەرک خراوەتە سەر
ئەفسەرانی ڕاگەیاندن، هۆشیاری، ئۆپەراسیۆنەکان و هەواڵگری لە یەکە سەربازییەکان کە
چاودێریی وردی تەواوی جموجوڵەکان بکەن و دڵنیابن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.
1144 جار خوێندراوەتەوە