وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار کرد

KNN : Kurdish News Network
09:29 - 24/03/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی دارایی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە بەشی ژمێریاری لە وەزارەتەکە دەستی بە ڕێکارە فەرمییەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

 

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەتەکان، پارێزگاکان و ئەو لایەنانەی بەستراونەتەوە بە وەزارەتەکان کرد، کە بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییە داراییەکان و وردەکارییەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەر و کارمەندەکانیان، سەردانی بەشی ژمێریاری بکەن.

 

وەزارەتی دارایی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی تەواوی یەکەکانی خەرجکردن کردووەتەوە بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەی پەسەندکراو، هاوکات داواشی کردووە کە هەموو پابەندییە بودجەییە پێویستەکان بەپێی ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت.

32 جار خوێندراوەتەوە