ئەمریکا دۆخی نائاسایی لە عێراق ڕادەگەیەنێت و داوای چۆڵکردنی وڵاتەکە لە هاووڵاتیانی دەکات.

KNN : Kurdish News Network
11:28 - 26/03/2026
عێراق
+
-

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی 3ی 2026، هۆشدارییەکی توندی ئەمنی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە، دەستبەجێ خاکی عێراق بەجێبهێڵن

 

 

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی باڵیۆزخانەکە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە. باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵیۆزخانە، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە و ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانی تێدایە، ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "مەترسیی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراقدا لە ئاستێکی بەرزدایە"، هەروەها جەختکراوەتەوە کە بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە بازرگانییەکاندا، پێویستە هاووڵاتیانی ئەمریکی ڕێگە وشکانییەکانی وڵاتانی دراوسێ (ئوردن، سعودیە، تورکیا و کوێت) بەکاربهێنن بۆ چوونە دەرەوە

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لەم کاتەدا بەهیچ شێوەیەک سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا و کونسوڵخانە لە هەولێر نەکەن و تەنها لە ڕێگەی پرۆگرامی (STEP) و ژمارە تەلەفۆنە فریاگوزارییەکانەوە لە پەیوەندیدا بن، چونکە پاراستنی سەلامەتی ئەمریکییەکان لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە.

27 جار خوێندراوەتەوە