دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا چەند رێنماییەکی پێویست و گرنگی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە.
هەواڵ: KNN
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، سەروماڵی هاوڵاتییان و گیانی رۆژنامەنووسان، ئەم رێنماییانە بەپێویست دەزانین، کە راگەیاندنەکان لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی ئەم ماوەیەدا رەچاویبکەن:
- بەهیچ جۆرێک تیمی میدیایی دەزگاکانی راگەیاندن لە کاتی رووداوە ئەمنییەکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەزگاى ئاسایش لە شوێنی رووداوەکان نزیک نەبنەوە و لە نزیکەوە ڤیدیۆی شوێنەکان بڵاونەکەنەوە.
- پەیامنێر و دەزگاکانی راگەیاندن لەکاتی گواستنەوەی زانیارییەکاندا لەسەر رووداوەکان پێش دەزگا ئەمنییەکان نەکەون، تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاوبکەنەوە کە لە سەرچاوەی رەسمییەوە لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیاندەکەوێت.
- پەلەنەکەن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی کە بۆردوومانکراوە، تا ئەو کاتەی لەلایەن لایەنە ئەمنییەکانەوە زانیاریی رەسمیی بڵاودەکرێتەوە.
- دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان بە دووربگرن لەو جۆرە هەواڵانەی کە ناراستن و ترس و دڵەراوکێی لەناو بازاڕ و هاوڵاتییاندا دروستدەکەن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریی و هەواڵانە بپارێزن کە لە میدیا بیانییەکانەوە بڵاوبووەتەوە و حاڵەتی پڕوپاگەندەیان هەیە، دژە بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
- هەرێمی کوردستان لەم جەنگ و ئاڵۆزییەدا بێ لایەنە و نابێتە بەشێک لەم جەنگە، بۆیە لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵ و راپۆرت و زانیارییەک کە ناکۆکە لەگەڵ ئەم بێلایەنییە خۆیان بپارێزن.
- وتەبێژی دەزگاى ئاسایش بە تاکە سەرچاوەی راست و دروست بزانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی لەسەر رووداوەکان.
29475 جار خوێندراوەتەوە