ساڵح موسلیم، سەرکردەی دیاری ڕۆژئاوای کوردستان لە هەولێر کۆچی دوایی کرد

KNN : Kurdish News Network
10:18 - 11/03/2026
کوردستان
+
-

 ئەمشەو چوارشەممە، ١١ی ئازاری ٢٠٢٦، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و یەکێک لە کارەکتەرە هەرە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.

 

هەواڵ: KNN

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری (KNN)، ساڵح موسلیم ماوەیەک بووە دەیناڵاند بەدەست نەخۆشیی "سستبوونی گورچیلە"وە و هەفتانە سێ جار پرۆسەی شوشتنی گورچیلەی (غەسل) بۆ ئەنجامدراوە.

 

هەر بەپێی زانیاریەکانی پەیامنێری کەی ئێن ئێن بەهۆی تێکچوونی زیاتری باری تەندروستییەوە، ماوەی سێ ڕۆژ بووە لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی گەڕەکی عەنکاوە لە هەولێر لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدا بووە، تا دواجار ئەمشەو گیانی لەدەستدا.

 

پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە شاری هەولێر وتیشی: بڕیار وایە سبەینێ پێنجشەممە یان ڕۆژی دواتر، لە مەراسیمێکی تایبەت و شایستەدا، تەرمی ئەو سەرکردەیە لە شاری هەولێرەوە بەرەو زێدی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەوێ بە خاک بسپێردرێت.

 

ساڵح موسلیم لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی "شێران"ی سەر بە کۆبانێ لەدایکبووە. ناوبراو ئەندازیاری کیمیایی بوە وە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پەیەدە.

 

 

 لە دوای ساڵی ٢٠١١وە وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی کورد لە سووریا ناسرا و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا گێڕا. لە ساڵی ٢٠١٣دا (شەڕڤان)ی کوڕی لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوو، کە ئەوەش وەک یەکێک لە وێستگە غەمناکەکانی ژیانی وەک باوک و سەرکردەیەک تۆمارکرا.

17076 جار خوێندراوەتەوە