وەزارەتی پێشمەرگە: جارێکی تر هێرشکرایەوە سەر هێزەکانمان

KNN : Kurdish News Network
01:29 - 22/03/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەکات کە لە سنووری چەمچەماڵ هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان و لەوبارەشەوە داوایەک ئاراستەی سودانی دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: "شەوی ڕابردوو، جارێکی دیکە تاقمە تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان دەستیان دایەوە کردەوەیەکی تێکدەرانە و لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری چەمچەماڵ".
وێڕای ئیدانەکردنی ئەو پەلامارە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانج لە کردەوانە "تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزدایە."
لە کۆتاییشدا داوای لە محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە "سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێپاساوانە دابنێت کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە."

25 جار خوێندراوەتەوە