هۆشداری دەدرێت لە کەوتنەوەی ئاگر لە بەرزایی و ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانی

KNN : Kurdish News Network
02:08 - 06/06/2026
کوردستان
+
-

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی هۆشداریی توند لە مەترسیی کەوتنەوەی ئاگر لە بەرزایی و ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بارانبارینی زۆری زستان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر لە هەر کاتێکدا هەیە و پێویستە ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر.

 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گومانی زۆریان لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکانی ساڵانی ڕابردوو هەیە، کە ڕەنگە بەهۆی کەمتەرخەمی یان بە مەبەست و بۆ خاپوورکردنی بەرزاییەکانی شارەکە بووبێت. جەختیش دەکاتەوە کە لە ئێستادا هیچ پاساوێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نەماوەتەوە گەر ئاگر بکەوێتەوە، چونکە پێشوەختە ئاگادار کراونەتەوە و ئەزموونی ساڵانی ڕابردووش لەبەردەستدایە.

 

بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەسات، دەستەکە داوای جێبەجێکردنی چەند ڕێکارێکی خێرا دەکات، لەوانە؛ دروستکردنی ئاگربڕ، دوورینەوەی گیا بە ئامێری میکانیکی و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی گیاقڕ لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و فرەزیندەیی، جێگیرکردنی تیمی بەرگریی شارستانی و ئامادەکردنی کەرەستەی پێویست.

 

هەروەها داوا دەکات ڕێکارەکان توند بکرێنەوە و بەکارهێنانی مقەڵی و نێرگەلە لە گەشتیارانی نەشارەزا قەدەغە بکرێت و شوێنی تایبەت بۆ ئاگرکردنەوە دیاری بکرێت، هاوکات سزای توندیش بەسەر سەرپێچیکاران و تێکدەرانی ژینگەدا بسەپێندرێت بەبێ چاوپۆشیکردن لە هیچ کۆمپانیا و کەسێک، هەروەها کاتی مانەوەی شەوانەی هاووڵاتییان لەو ناوچانەدا سنووردار بکرێت.

40 جار خوێندراوەتەوە