فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی کۆتایی دەداتە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی کە بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەربازی و وێنەگرتنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان قەدەغەیە، و هەر دەزگایەک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی داخستن و لێپێچینەوەی توند دەبێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیاران بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کردووە. هەروەها دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان بە ڕێگەپێنەدراو ناوبردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەو ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە. هاوکات ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، ئەمەش پاڵپشت بەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە لە ١٣ی ئاداری ٢٠٢٦دا دەریکردووە.
لەکۆتاییشدا، داوا لە سەرجەم میدیاکاران کراوە کە بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
187 جار خوێندراوەتەوە