حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، ڕۆژی دووشەممە پلانە بەدیلەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ژێر سایەی ڕاوەستانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ئاشکرا کرد، و جەختی کردەوە کە هێڵی بۆری "کەرکووک – تورکیا" لە ماوەی هەفتەیەکدا ئامادە دەبێت بۆ کارکردن "بەبێ تێپەڕبوون بە هەرێمی کوردستاندا
عەبدولغەنی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عێراق نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا بەپێی ئەو پشکەی لەلایەن ڕێکخراوی "ئۆپیک"ەوە دیاریکراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەنداو و داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 3.4 ملیۆن بەرمیلی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرد، کە دیارترینیان بەندەری نەوتی بەسرەیە، بەڵام داخستنی گەرووەکە وەزارەتی نەوتی ناچار کردووە بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکان کەم بکاتەوە، بە جۆرێک بەرهەمهێنانی ئێستا لە نێوان 1.5 بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیلدایە لە ڕۆژێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا
ڕوونیشیکردەوە کە پاڵاوگەکان لە ئێستادا بە ئەوپەڕی توانای دیزاینکراوی خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی بەرهەمە نەوتییە سپییەکان، لەوانە بەنزین و دیزل و کیرۆسین، جگە لە غازی شلی "LPG" کە داخوازی ناوخۆیی پڕ دەکاتەوە، لەگەڵ هێشتنەوەی بەشێکی وەک خەزێنەی فریاگوزاری
وەزیر ئاماژەی بەوەشکرد، بەکاربردنی ڕۆژانەی غازی چێشت لێنان نزیکەی 6000 تۆنە، لەکاتێکدا کۆمپانیای غازی باشوور بە هاوکاری کۆمپانیای "شێڵ" نزیکەی 4000 تۆنی زیادە بەرهەم دەهێنێت، جگە لە وەبەرهێنانی غازی هاوپێچ لە چەند کێڵگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 600 ملیۆن پێ سێجا غازی وشک و بڕێک لە غازی چێشت لێنان لە ڕۆژێکدا
وتیشی: پاڵاوگە عێراقییەکان ڕۆژانە لە نێوان 1400 بۆ 1500 تۆن غازی شل بەرهەم دەهێنن، جگە لە 400 بۆ 500 تۆن لە غازی باکوور، لەگەڵ هەبوونی خەزێنەیەکی ستراتیژی کە لە ژێر زەویدا زیاتر لە 50 هەزار تۆنە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا بەکاربهێنرێت.
عەبدولغەنی جەختی کردەوە کە بەرهەمە نەوتی و غازییەکان لە ئێستادا پێداویستی ناوخۆیی پڕ دەکەنەوە، سەرەڕای ڕاوەستانی هەناردەکردن و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتی نەوت، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵ هەیە بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، جگە لە زیادکردنی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری بانیاس لە سوریا و هێڵی عەقەبە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکووک، کە توانای 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا، لە ئێستادا لە ژێر پشکنین و نۆژەنکردنەوەی کۆتاییدایە، تەنها نزیکەی 100 کیلۆمەتری ماوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی "هایدرۆستاتیکی" لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئەمەش ڕێگە دەدات نەوت ڕاستەوخۆ لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ هێڵەکە پەمپ بکرێت بەبێ تێپەڕبوون بە هەرێمی کوردستاندا
هەروەها ئاماژەی بە ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتیدا کرد، لەوانە ڕۆژئاوای قوڕنە 1 و 2 و فەیحا و مەجنوون، جگە لە هەندێک کێڵگەی میسان وەک حەلفایە و بوزورگان، لەکاتێکدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی ناوەڕاست بەردەوامە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەکەی.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە کێڵگەکانی کەرکووک لە ئێستادا بە ئەوپەڕی توانای خۆیان کار دەکەن بۆ دابینکردنی نەوتی پێویست بۆ پاڵاوگەکانی باکوور، ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەتی نەوت لە دوو مانگی ڕابردوودا توانیویەتی هەندێک لە پەمپەکان لە وێستگەی ستراتیژیدا نۆژەن بکاتەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە لە ڕۆژێکدا بۆ پاڵاوگەکانی باکوور پەمپ بکرێت، بە مەرجێک بڕێکی هاوشێوە لە نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی هێڵی بۆری عێراق-تورکیاوە هەناردە بکرێت دوای تەواوبوونی پشکنینی کۆتایی لە ماوەی هەفتەیەکدا.
913 جار خوێندراوەتەوە