بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی دراو بە مەبەستی تەمویلکردنی خەرجییەکان ڕەتدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
05:51 - 07/06/2026
عێراق
+
-

بانکی ناوەندیی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی سەبارەت بە دەنگۆکانی پەیوەست بە چاپکردنی دراو و تەمویلکردنی خەرجییە گشتییەکان بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان "داشکاندنی حەواڵەی خەزێنە" و "چاپکردنی دراو"دا هەیە

 

 

بەپێی بەیاننامەکەی بانکی ناوەندی، داشکاندنی حەواڵەکان ئامرازێکی داراییە کە نێودەوڵەتییە و بۆ دابینکردنی دارایی کاتی لە بەرامبەر ئامرازێکی قەرزدا بەکاردێت و دواتر دەگەڕێنرێتەوە، بەڵام چاپکردنی دراو بە واتای خستنەڕووی پارەی نوێیە بەبێ بەرامبەر، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراو و بەپێی یاسای ژمارە (56)ی ساڵی 2004 قەدەغەیە

 

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەقامگیریی نەختینەیی و سیستەمی داراییە و نەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ تەمویلکردنی خەرجییە گشتییەکان

 

 

هەروەها جەختیان کردەوە کە هەر بەکارهێنانێکی ئامرازە داراییەکان لە دۆخی نائاساییدا بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو دەبێت تاوەکو کاریگەری نەرێنی لەسەر هێزی کڕینی هاووڵاتیان نەبێت

 

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، بانکی ناوەندی داوای وردبینی لە میدیاکان کردووە لە گواستنەوەی هەواڵە ئابوورییەکاندا و جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامن لە ستراتیژییەتی پاراستنی بەهای دیناری عێراقی و سەقامگیریی ئابووری.

190 جار خوێندراوەتەوە